بێ شک تەکنۆلۆژیا تەنیا کاریگەری لەسەر ئابووری و گیرفانی خەڵک نیە. تەکنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد پردێکە لە نێوان تێگەیشتن و گەیاندنی زانیاری لەگەڵ مێشکدا و بێگومان ئامرازی گواستنەوە، زمانە. دەمەوێت لەو تێبینییەدا ئەوە شی بکەمەوە کە بۆچی ژیری دەستکرد بۆ زمانێکی وەک ئینگلیزی هۆکاری گەشەیە، بەڵام بۆ زمانی کوردی شمشێرێکی دوو لێوارە.
مردنی دیجیتاڵی زمان
ئەندراس کۆرنای لە تیۆری "مردنی دیجیتاڵی زمان"دا ئاماژە بەوە دەدات کە مانەوەی هەر زمانێک لە سەدەی ٢١دا، بەستراوەتەوە بە ئاستی ئامادەبوونی لە ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیادا و ئەوەش دەسەلمێنێت کە کەمتر لە ٥٪ زمانەکان توانیویانە بگەن بە ژیانی دیجیتاڵیی و ئەوانی تر لە مەترسی دان (Kornai, 2013, p. 2). بێ شک زمانی کوردی لە پۆلی ئەو ٥٪ نیە و لە ئاستی ئینتەرنێت بە زمانێکی لەژێر مەترسی لەناوچوون هەژمار دەکرێت.

ئامارەکانی ماڵپەڕی W3Techs دەرخەری ئەوەن کە رێژەی هەبوونی زمانی کوردی (زاراوەی سۆرانی) لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام رووی لە کەم بوونەوەدا بووە و ئاستی هەموو ناوەڕۆکەکانی لە ئینتەرنێت لە %0.0016 دابەزیوە بۆ 0.001%. ئەو بەرز بوونەوە لاوازەش کە لە ٤ مانگی رابردوو بەخۆیەوە بینیوە تا رادەیەکی بەهۆی ئەوە بووە کە لە شەڕی ئێران و ئەمریکادا، حکوومەتی ئێران ئینتەرنێتی دەیتا سەنتەرەکانی بڕی و ناوەڕۆکی فارسی لەسەر ئینتەرنێت تا رادەیەکی زۆر نەما و لەبەر ئەوەش هەموو زمانەکان تا ئاستێک لە لیستەکە چوونە سەرەوە و ئامارەکەیان باشتر دەرکەوت. ئامارەکە بۆ زاراوەکانی تری کوردی زۆر خراپترە. لە ریزبەندی ئاستی ناوەڕۆکەکانی ئینتەرنێت بە زمانە جیاوازەکان، زاراوەی زازاکی لە کۆتایی ریزبەندەکە دایە و زاراوەکانی هەورامی و کوردی خواریین هەر لە لیستەکەشدا نین (W3Techs, 2026). لەگەڵ ئەوەی کە زمانی کوردی دەیان ملیۆن ئاخێوەری هەیە، لە روانگەی ژیری دەستکرد و جیهانی دیجیتاڵ، بە زمانێکی کەم سەرچاوە (Low-Resource Languages) ئەژمار دەکرێت.
مەترسییەکە لێرەدایە کە ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی خەڵک لە زمانی خۆیان نامۆ بن و زمانێکی دیکە بە زمانی تەکنۆلۆژیا و بەرەوپێشچوون بزانن. ئەوە بەو مانایەیە کە نەبوونی زمانێک لە جیهانی دیجتاڵدا دەتوانیت رێگەخۆشکەربێت بۆ مردنی ئەو زمانە.
لە چوارچێوەیەکی تیۆریی نوێدا، خانا و لی (Khanna & Li, 2025) . زمانەکانی وەک کوردی وەکوو «دێوە نادیارەکان» پۆلێن دەکەن. ئەم زمانانە کە نزیکەی ٢٧٪ی زمانەکانی جیهان پێکدەهێنن، هەرچەندە ملیۆنان ئاخێوەریان هەیە و لە ئاستی فیزیکیدا تا رادەیەک زیندوون، بەڵام لەو داتایانەی کە مۆدێلە گەورەکانی زمان (LLMs) پێیان ڕادەهێنرێت، ئامادەبوونیان نزیکە لە سفرەوە (Khanna & Li, 2025, pp. 1, 16). ئەمە نیشانی دەدات کە نەبوونی زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵدا بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو درێژکراوەی هەمان ئەو پەراوێزخستنە مێژوویی و داگیرکارییەیە کە لەسەر زمانەکان هەیە (Khanna & Li, 2025, p. 17). ڕاهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد تەنیا لەسەر بنەمای زمانە باڵادەستەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهانبینی و زانستی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان نادیدە بگیرێت و تەنانەت لەکاتی وەرگێڕانی پەند و گێڕانەوە زارەکییەکانیشدا مانا کلتوورییەکان بشێوێندرێن یان سادە بکرێنەوە (Khanna & Li, 2025, p. 4). بە سەپاندنی شێوەزارێکی دیاریکراو وەک (ستاندارد) فرەچەشنیی و دەوڵەمەندی زمانەکە لەناو دەچێت. لەو بابەتەدا، گلەیی تەنیا لەسەر راهێنەرانی ژیری دەستکرد یان پەراوێزخستنی زمانەکەمان لەرووی دجیتاڵییەوە نیە؛ بەشی زۆری ئەو دابڕان و توانەوەیە، هۆکارەکەی خودی خۆمانە. ئەگەر بڕوانینە هەوڵ و بەرهەمەکانی نەتەوە درواسێکان لە سی ساڵی رابردوودا دەبینین کە گرنگییەکی بێ پایانیان داوەتە بڵاو کردنەوە و پەرەپێدانی زمانەکەیان لە جیهانی دیجیتاڵدا. تا ئەو رادەیەی کە زمانەکانیان لە ریزبەندیدا، لە دە یەکەمەکانن. بۆ هەر بابەتێکی هەواڵ، زانستی، تەکنۆلۆژی، کایە و سەرگەرمی، کاڵا و بازاڕ و هتد، گەڕان بکەی، بە هەزاران دەرەنجام دەبینیتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێمە تەنانەت پێگەیەکی دیجیتاڵیمان نیە بۆ بڵاو کردنەوەی وتارە زانستییەکان بە کوردی. لە ئینتەرنێتدا بە دوای هەر بابەتێکدا بگەڕێی، شتێکی وات چنگ ناکەوێ.
هەڵبەت گرنگترین هۆکار بە بڕوای من هەست کردن بە پێویستیی هەبوون لە جیهانی دیجیتاڵدا وای کردووە ئەوانی تر تێیدا پێشکەون. هەمیشە ئامانجەکان پاراستنی زمان و وێژە نین. زۆربەی جارەکان ئامانجی تاکەکان پەرەپێدانی بزنس، دەرکەوتن، بڵاو کردنەوەی بابەت و هتد، هاوتەریبە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زمانەکەیان. بە شێوەیەک کە خزمەت بە تاک، خزمەت بە کۆمەڵیش دەکات. ئەو ئەرشیفە زەبەلاحەی زمانەکانی تر کە لە ئینتەرنێتدایە، دەرنجامی دەیان ساڵ و هەوڵی ملیۆنان کەسە. شتێک نیە بە پێگەیەک و دووان درووست ببێت.









