زمانی کوردی (سۆرانی) بە فەرمی لە داتابەیسی یونیکۆد بەرزکرایەوە و ئێستا دەتوانێت لە سیستەمەکانی مۆبایل، رۆژژمێرەکان، وێبگەڕەکان و هتد، دەرکەوێت.
کۆنسێرسیۆمی نێودەوڵەتیی یونیکۆد (Unicode Consortium) لە نوێترین ڕاپۆرتی فەرمیی خۆیدا بڵاوکردنەوەی وەشانی تاقیکاریی گەنجینەی هاوبەشی داتای (CLDR 49) ڕاگەیاند. ئەم هەواڵە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی دەیان ملیۆن کەسیی کورد لە سەرانسەری جیهاندا: زمانی کوردی (کوردیی ناوەندی / سۆرانی - Central Kurdish) بە فەرمی بۆ ئاستی ستانداردی بنەڕەتی (Basic Coverage Level) لە یونیکۆد بەرزکرایەوە. یونیکۆد لەو وەشانەدا بە فەرمی زمانی کوردی دەخاتە بەردەست کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکان تا وەکوو زمانی سیستەم لەسەر ئامێرەکانیان لەوانە: ئەندرۆید، iOS و تەلەڤزیۆنە زیرەکەکان جێگیری بکەن. سەرەتا دەچێتە لیستی زمانەکان، بەشی زمان، رۆژمێر، کات و هتد. دوای ئەوەی داتای پێویستی کوردی سۆرانی لە وەشانەکانی داهاتوو تێر و تەسەلتر بوون بە فەرمی دەبن بە زمانی سیستەمەکانیش.

یونیکۆد و CLDR چین و بۆچی بناغەی جیهانی دیجیتاڵن؟
ستانداردی یونیکۆد زمانی هاوبەشی هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی جیهانە؛ بەبێ ئەو، هیچ پیتێک لەسەر شاشەکان ناناسرێتەوە. تەنانەت یونیکۆد کار لەسەر ستاندارد کردنی ئیمۆجیەکانیش دەکات. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ناسینەوەی پیتەکان نییە، بەڵکو سیستەمەکان پێویستیان بەوەیە بزانن بەروار، کات، ڕۆژژمێر، دراو، ڕیزبەندیی پیتەکان (Sort-order) و تەنانەت شێوازی داڕشتنی ڕستە لە زمانێکدا چۆن کار دەکات.
لێرەدایە پڕۆژەی CLDR (Common Locale Data Repository) دێتە کایەوە. ئەم گەنجینەیە ئەو سەرچاوە فەرمییەیە کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەپڵ (iOS و macOS)، گووگڵ (ئەندڕۆید و کرۆم)، مایکرۆسۆفت (ویندۆز) و هەموو وێبگەڕەکان ڕاستەوخۆ داتاکانی خۆماڵیکردنی لێ وەردەگرن. بەبێ پەسەندکردنی CLDR، زمانێک لە قووڵایی تەکنیکیی سیستەمی کارپێکردندا بوونی نییە.
ڕابردووی پڕ لە کێشە و ئاستەنگەکانی پێشووی بەکارهێنەرانی کورد
پێش ئەم هەنگاوە، بەهۆی نەبوونی داتای ڕێکخراو لە CLDR، زمانی کوردی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ببووەوە:
پشتبەستنی ناچاری بە زمانی تر: لە نەبوونی ڕێکخستنی کوردی، سیستەمەکان بەکارهێنەری کوردیان ناچار دەکرد بۆ بەروار، ڕۆژژمێر، یان ژمارەکان زمانی عەرەبی یان فارسی بەکاربهێنن تەنانەت تا ماوەیەکی زۆر بە گشتی بێبەش لە نووسین بە کوردی لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان.
نەبوونی کوردی لە لیستی زمانەکان: لە زۆربەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکاندا ناوی زمانی کوردی لە لیستی هەڵبژاردنی زمانی ئامێرەکەدا (Locale Picker) نەبوو.
تێکچوونی ڕیزبەندی و گەڕان: بزوێنەرەکانی گەڕان و بنکەدراوەکان نەیاندەتوانی پیتە تایبەتەکانی کوردی (وەک ێ، ۆ، ڕ، ڵ، ڤ) بە ڕیزبەندیی دروستی ئەلفوبێ ڕیز بکەن و ئەنجامی گەڕانەکان تێکدەچوون.
ناڕێکی لە شێوازی بەروار و ژمارەکان: کێشە لە نیشاندانی کاتژمێر، بەروار و جیاکەرەوەی ژمارەکان، خوێندنەوەی دەقە فەرمییە دیجیتاڵییەکانی تێکدەدا.
بەرزبوونەوەی کوردی بۆ ئاستی بنەڕەتی (Basic) چ کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت؟
گەیشتن بە ئاستی بنەڕەتی واتە زمانەکە هەموو مەرجە تەکنیکییەکانی بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سیستەمە گەورەکان بەدەستهێناوە:
چوونە ناو ریزبەندیی زمانی ئامێرەکان: کۆمپانیاکانی وەک گووگڵ و ئەپڵ ئێستا مۆڵەتی تەکنیکییان هەیە بۆ ئەوەی کوردی وەک یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی مۆبایل و سیستەمەکانیان دابنێن.
ستانداردبوونی شێوازەکان: داڕشتنی بەروار، کات، ناوی وڵاتان و ناوچەکان، ڕۆژەکانی هەفتە و مانگەکان لە هەموو سێرڤیسەکاندا یەکدەست و بێ هەڵە دەبن.
ئاسانکاری بۆ فەرمانگە و میدیاکان: دامەزراوەکان، ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆک دەتوانن بەبێ پێویستی بە بەرنامەی لاوەکی، سیستەمی ستاندارد بە زمانی دایک بەکاربهێنن.
لایەنە نەرێنییەکانی ستانداردی یونیکۆد لەسەر زمانی کوردی
مەترسیی دابەزینی ئاست (Drop-down Risk): یونیکۆد ڕایگەیاندووە کە لە هەر وەشانێکدا مەرجەکان قورستر دەبن. ئەگەر زمانەوانان و چالاکوانانی کورد بەردەوام نەبن لە ناردنی داتا، لەوانەیە کوردی وەک زمانەکانی تەتاری، ساردینی یان تاجیكی تووشی پاشەکشە بێت.
کەلێنی شێوەزار و ئەلفوبێ: ئەم هەنگاوە سەرنجی لەسەر کوردیی ناوەندییە. پشتگوێخستنی شێوەزاری کورمانجی (بە پیتی لاتینی) یان شێوەزارەکانی تر دەکرێت ببێتە هۆی لێکترازانی دیجیتاڵی لەنێوان ئاخێوەرانی کورددا و تەنانەت بە ستانداردکردنی کوردی سۆرانی بەتەنیا خۆی، یەکێکە لە ئامرازەکانی پشتگوێخستن و خنکاندنی زارەکانی سۆرانی لەوانە: موکریان، ئەردەڵانی و هتد.
وەرگێڕانی بێکوالێتیی ئامێرەکان: جێبەجێکردنی خێرای داتاکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەبێ پێداچوونەوەی وردی مرۆیی لەوانەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی وشە و دەستەواژەی نامۆ و زیان گەیاندن بە زمانی ئەدەبی.
کۆمپانیا گەورەکان چۆن کوردی دەخەنە ناو بەرهەمەکانیانەوە؟
ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی چەند قۆناغێکی تەکنیکییەوە جێبەجێ دەکرێت:
چوونە ناو بزوێنەری بنەڕەتی (ICU و ICU4X): داتای CLDR دەچێتە ناو کتێبخانەکانی ICU و ICU4X (کە مۆدێرنە و سەدا ٥٠ تا ٩٠ بەکارهێنانی میمۆری کەمدەکاتەوە).
جێگیربوون لە پڕۆژە سەرچاوەکراوەکاندا (AOSP و Chromium): ناوکی ئەندرۆید و کرۆمیۆم وەک یەکەمین سەکۆکان دەبن کە کۆدە نوێیەکان وەردەگرن.
نوێکردنەوەی سیستەمی مۆبایل و کۆمپیوتەر: لە نوێکردنەوە گەورەکانی ساڵانەدا (وەک iOS نوێ، ئەندرۆید نوێ و ویندۆز)، ئەپڵ، سامسۆنگ و مایکرۆسۆفت زمانی کوردی بۆ بەکارهێنەران چالاک دەکەن.
هەنگاوی داهاتوو چییە؟
ئاستی بنەڕەتی تەنیا سەرەتای ڕێگایە. بۆ ئەوەی کوردی بگاتە ئاستەکانی بەرزتر (Moderate و Modern) و بە تەواوی لە وەرگێڕانی بەڵگەنامە، ئۆفیس و زیرەکیی دەستکرددا پشتیوانی بکرێت، لەسەر ئێمەیە کە:
دروستکردنی ناوەندی تایبەتمەند: وەک چۆن زمانە کەم ئاخێوەرەکانی وەک چەرکەسی یان قیبتی لە ڕێگەی دامەزراوەی تایبەتەوە داتایان تۆمار کرد، زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی کوردستانیش پێویستە ئەنجومەنی فەرمی و لێزان و پسپۆڕی تەواو لە هەموو زارەکانی کوردیدا بۆ پەیوەندی لەگەڵ یونیکۆد پێکبهێنن.
پەرەپێدانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد: کەڵکوەرگرتن لەم ژێرخانە بۆ دروستکردنی ڕاستکەرەوەی ڕێنووسی کوردی، وەرگێڕانی دەق بۆ دەنگ (Text-to-Speech) و بەهێزکردنی مۆدێلە زمانەوانییەکان لە ئاستی جیهاندا.














