سنوورە جوگرافیەکان بەهۆی تەکنۆلۆژیا و خزمەتگوزارییە سەرهێڵەکان لە جیهانی ئێستادا بەرەو کاڵبوونەوە دەچن؛ لە کاتێکدا گەنجانی کوردستان هێشتا پێیان لە ناوچە ئارامەکەی جارانیان نەهێناوەتە دەر. من ئەو دێڕانە لە ناو جەرگەی کوردستانەوە دەنووسم. خاکێک کە گەنجەکانی لە چوار پارچەی جیاواز و لە ژێر کاریگەری چوار سیستەمی پەروەردەیی و کلتووری جیاوازدا گەورە بوون. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێستا هەموویان رووبەڕووی شەپۆلێکی جیهانیی بوونەوە بە ناوی ژیری دەستکرد (artificial intelligence).
دۆخی ئێستای گەنجان، وێنەیەکی دژبەیەک (پاڕادۆکسیکاڵ) نیشان دەدات. نەوەی نوێ بە سوود وەرگرتن لە ئامرازە پێشکەوتووەکان، سنوورەکانی زانست دەبەزێنن و هاوشانی جیهان بەرەوپێش دەچن؛ بەڵام بەشێکی بەرچاوی گەنجانی نیشتمان بەهۆی جیاوازی ژێرخان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان، هێشتا لە سەرەتاییترین ئاستی خوێندەواری دیجیتاڵدا ماونەوە و ناتوانن کەڵک لەو شۆڕشەی تەکنۆلۆژی وەربگرن.
لە سەدەی بیست و یەکدا، چەمکی "پاراستنی منداڵ و گەنج (Child Welfare)" گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە و چیدیکە تەنیا لە دابینکردنی خۆراک و پۆشاکدا کورت ناکرێتەوە؛ بەڵکو دەستەبەر کردنی "ئاسایشی دیجیتاڵیی" و "توانستی ئابووری" بووەتە کۆڵەکەی سەرەکی پاراستنی شوناسی نەوەی داهاتوو. شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم، کە ژیری دەستکرد (AI) پێشەنگایەتیی دەکات، کاریگەری خستۆتەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ؛ لە شێوازی بیر کردنەوە و فێر بوون تاوەکوو سیستەمی بەڕێوەبردن و بازاڕی کار. خێرایی بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیا کاریگەری لەسەر تێهەڵکێش کردنی وارەکانی دیجیتاڵیی و فیزیکی و بایۆلۆژی داناوە (Schwab, 2017, p. 8). بۆ نەتەوەی ئێمە کە لە هەموو روویەکەوە دابەش کراوین، ژیری دەستکرد، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تێکشکاندنی سنوورە دەستکردەکان و بنیاتنانەوەی شوناسێکی یەکگرتووی مۆدێرن.
بەپێی راپۆڕتە جیهانییەکان، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠، ژیری دەستکرد نزیکەی ٣٢٠ ملیار دۆلار لە ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بکات (PwC, 2018, p. 3) لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە پشکی گەنجی کورد لەو سامانە نوێیەدا چەندە دەبێت؟ قەیرانی بێکاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان، خاڵی هاوبەشی گەنجانە. کاتێک دەڕوانیتە ئامارەکان هەمیشە دەبینیت ناوچە کوردیەکان پەراوێز خراون و بەرزترین رێژەی بێکاریان هەیە. لە رۆژهەڵات رێژەی بێکاری دوو هێندەی ناوەندی ئێرانە (SCI, 2023, T. 3). لە باکوور ناوچە کوردیەکان بەرزترین رێژەی بێکاریان لەچاو تورکەکان هەیە (TÜİK, 2023) لە رۆژئاواش بەهۆی دۆخی جەنگەوە، سیستەمی دامەزراندنی حکومی بوونی نییە (World Bank, 2022, p. 18) هەرچەندە لە باشوور تۆسقاڵێک دۆخەکە باشترە، بەڵام ئامارەکان ژمارەی مەترسیدار دەخەنە روو و دەڵێن بە گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق رێژەی بێکاری زیاتر لە ٣٠٪ و کەرتی گشتی توانای دامەزراندنی نەماوە (World Bank, 2021. P. 16). ئەو داتایانە پەیامێکی روون دەدەن: چاوەڕوانی بۆ دامەزراندن لەلایەن حکومەتەوە، ستراتیژییەکی شکستخواردووە؛ بەتایبەت کاتێک کە حکومەتەکان بە دەست بێگانە و نەیارانن. تاکە رێگا بۆ گەنجی کورد ئەوەیە روو بکاتە ئابوورییەک کە نوێیە و ئەوان دەبەستێتەوە بە بازاڕی جیهانی و بەبێ دەستێوەردان یان چاوەدێری کەرتی گشتی و حکومەت. دەتوانم بڵێم ئەو ئابووریە هەمان ژیری دەستکرد و جیهانی دیجیتاڵی ئێستایە.
لەلایەکی دیکەوە پارساتنی زمانی دایک وەک بەشێک لە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوە و بە تایبەتی منداڵان، رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە. ئەگەر زمانی کوردی نەتوانێت لەگەڵ ئەلگۆریتمەکانی AI قسە بکات، لە داهاتوودا دەبێتە زمانێکی پەراوێزخراو. گەنجی کورد کاتێک دێتە ناو جیهانی دیجیتاڵەوە، بەهۆی کەمیی هەموجۆرە ناوەڕۆکێک بە زمانی دایکی، ناچارن پەنا بۆ زمانە باڵادەستەکان بەرن و ئەوەش نامۆبوونی کلتووری لێ دەکەوێتەوە و بە دەستەواژەی موکریانی "خۆ لە کن خۆ سووک" دەبن. لە رووی زانستییەوە زمانی کوردی وەک "زمانێکی کەم-سەرچاوە" (Low-Resource Language) پۆلێن دەکرێت. بەو واتایەی کە داتای پێویستی بۆ راهێنانی مۆدێلە زیرەکەکان لەبەر دەستدا نیە (Hassani, 2018, p. 44). وەک هەراری دەڵێت ئەگەر نەتەوەکان خاوەنی داتا و زانیاری تایبەت بە خۆیان نەبن، دەبن بە ژێردەستی دیجیتاڵی نەتەوەکانی تر و ئەو کەسەی داتای لەبەر دەستە، لە راستیدا داهاتووی لەبەر دەستە (Harari, 2018, p. 78). پاراستنی زمانی دایک لە رێگەی داتاوە، پاراستنی سەروەریی نەتەوەیە.
لەکاتێکدا سیستەمی پەروەردەی تەقلیدی لە ناوچەکەدا هێشتا لەسەر بنەمای لەبەرکردن و میتۆدی یەک قاڵب بۆ هەمووان بەڕێوە دەچێت، ژیریی دەستکرد وەرچەرخانێکی ڕیشەیی بەرەو فێربوونی گونجێندراو و تاکەکەسی (Adaptive Learning) پێشکەش دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یونسکۆ، بەکارهێنانی AI لە پۆلەکانی خوێندندا دەتوانێت پرۆسەی فێربوون بۆ هەر قوتابییەک بەپێی تواناکانی تایبەت کراو بکات (Personalize)، کە ئەمەش کلیلێکە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی پەروەردەیی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا (UNESCO, 2021, p. 8). بۆ منداڵێکی کورد لە گوندێکی دوور دەست، ئەم تەکنەلۆژیایە بەو مانایەیە چیتر لە کوالیتیی خوێندن بێبەش نابێت؛ وەک ڕۆز لاکین، پسپۆڕی پەروەردەیی لە UCLئاماژەی پێ دەکات:AI دەتوانێت وەک مامۆستایەکی تایبەت هەموو کات لەگەڵ قوتابیدا بێت و بۆشاییە زانستییەکانی پڕ بکاتەوە (Luckin et al., 2016, p. 18). کەواتە، بەرزکردنەوەی کوالیتیی پەروەردە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە هاوکات لەگەڵ مامۆستا و شێوازی خۆماڵی، بەشێکی دانەبڕاوە لە ستراتیژیی پاراستنی داهاتووی نەتەوەکەمان.
ئامانجی سەرەکیی ئەو توێژینەوەیە بریتییە لە شیکردنەوەی وردی کاریگەرییەکانی ژیری دەستکرد لە سەر سێ کۆڵەکەی ستراتیژی ئابووری، زمان و پەروەردە. لە بەشەکانی داهاتوودا، بە وردی باس لەوە دەکەم کە چۆن دەتوانرێت تەکنۆلۆژیا وەک ئامرازێک بۆ ١. بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار، ٢. زیندوو راگرتنی زمانی کوردی لە جیهانی دیجیتاڵدا و ٣. چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و فێربوون، بەکار بهێنرێت. هەوڵ دەدەم لە رێگەی خستنەڕووی نمونەی کردەیی لە چوارچێوەی تیۆری و بیردۆز دەرچین و کۆمەڵێک رێگاچارە و پێشنیاری پراکتیکی بخەمە بەردەم بڕیاربەدەستان و گەنجان. لە دەرەنجامدا ئەو توێژینەوەیە دەخوازێت بگاتە ئەو دەرکەوتەیەی کە چۆن ژیری دەستکرد دەتوانێت سنوورە دەستکردەکان تێکبشکێنێت و نەوەیەکی هۆشیار و خاوەن ناسنامە بنیات بنێتەوە کە بەجیاتی بێکاری و کۆچکردن، ببن بە دروشم و هۆکاری گەشەسەندنی نیشتمان و خۆیان.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی ووتاری کاریگەری ژیری دەستکرد لەسەر داهاتووی گەنجی کورد، کرتە بکە.









