ئایفۆن 18 پرۆ مەکس و ئایفۆن ۱۸ پرۆ وەک نوێترین ئاڵاهەڵگرەکانی ئەپڵ پەردەیان لەسەر لادرا؛ بەڵام ئەستێرەی سەرەکی رێوڕەسمەکە ئەو دوو بەرهەمە نەبوو.
ئەپڵ دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، سەرئەنجام ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکس و ئایفۆن ۱۸ پرۆی لە بازاڕی پڕکێبڕکێی مۆبایلە ئاستبەرزەکاندا ناساند. ئەم دوو مۆبایلە لە کاتێکدا نمایش دەکرێن کە بۆ یەکەمجار لە نزیکەی یەک دەیەی ڕابردوودا، ئایفۆن پرۆ مەکس ئەستێرەی ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە ئایفۆنە نوێیەکان نەبوو، و ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر یەکەم مۆدێلی چەماوەی (Foldable) ئایفۆنە.

ئەپڵ ڕەنگی سەرنجڕاکێشی بۆ ئایفۆنەکانی پرۆ و پرۆ مەکسی نەوەی نوێ لەبەرچاو گرتووە: ڕەش، زیوی، شینی ئاسمانی و سووری (Burgundy). ڕەنگی کۆتایی، ڕەنگی ئایفۆنەکانی ئەمساڵە. ئەپڵ سەرئەنجام ماڵئاوایی لە ڕەنگی پرتەقاڵیی ئایفۆن ۱۷ پرۆ مەکس کرد.
ئەپڵ دەڵێت ئایفۆنە نوێیەکان بە کامێرای ٤٨ مێگاپێکسڵی Fusion تەیارکراوە بە دیافراگمی گۆڕاو (Variable Aperture)، چیپسێتی A20 Pro، سیستەمی نوێی دەرکردنی گەرما و iOS 27 هاوڕێ لەگەڵ Apple Intelligence و Siri AI دەخرێنە بازاڕەوە. پێشفرۆش لە ڕۆژی شەممە ۱۲ی سێپتەمبەر (۲۱ی خەرمانان) دەستیپێکرد و بڵاوبوونەوەی فەرمی بۆ هەینی ۱۸ی سێپتەمبەر (۲۷ی خەرمانان) پلانی بۆ دانراوە. نرخی ئایفۆن ۱۸ پرۆ لە مۆدێلی بنەڕەتیدا بە ۱٬۱۹۹ دۆلار و نرخی ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکس لە مۆدێلی بنەڕەتیدا بە ۱٬۲۹۹ دۆلارە.
کامێرای ئایفۆن 18 پرۆ مەکس
ئەپڵ دەڵێت سەرنجی سەرەکیی ئەم نەوەیە لەسەر چوار تەوەر بووە: کامێرا، کارایی، پاتری و ژیری دەستکرد. دەرئەنجامی ئەم ڕوانگەیە، دوو مۆبایلی ئاستبەرزە کە هەم بۆ فۆتۆگرافەر و دەرهێنەری پیشەیی دەست دەدەن؛ هەم بۆ بەکارهێنەری ئاسایی کە خێرایی زیاتر و ماوەی کارکردنی درێژخایەنتری پاتریی دەوێت.
گرنگترین گۆڕانکاریی تەکنیکی لەم نەوەیەدا، بوونی دیافراگمی گۆڕاوە لە کامێرای سەرەکیی ٤٨ مێگاپێکسڵیدا. ئەپڵ دەڵێت بۆ یەکەمجار کۆنتڕۆڵکردنی دیافراگم لە ئایفۆندا دەستەبەر بووە و شەش پەڕەی لەیزەربڕ، لە نێوان کرانەوە جیاوازەکاندا هاتوچۆ دەکەن تا ڕووناکی و قووڵایی (Depth of Field) باشتر بەڕێوەببرێن. دەرئەنجام، وێنەی ڕوونتر لە تاریکیدا، وردەکاریی پاکتر لە پاشبنەمای وێنە بەکۆمەڵەکان و ئازادیی زیاتر بۆ تۆمارکردنی وێنەی داهێنەرانەیە.
لە ئەپی کامێرادا هەڵبژاردەی دەستیی نوێ دەبینرێت کە ڕێگە بە گۆڕینی دیافراگمی لێنز، خێرایی شاتەر و هاوسەنگیی سپی (White Balance) دەدات، و تەنانەت لە ڕێگەی هیستۆگرامەوە، ڕێژەی ڕووناکیی ناو دیمەنەکە دەپێورێت. سەرەڕای ئەمەش، APIیەکی نوێ خراوەتە بەردەست گەشەپێدەران تا کۆنتڕۆڵی زیاتریان بەسەر مەودای دیافراگمدا لە بەرنامەکانیاندا هەبێت.
لە بەشی ڤیدیۆشدا تواناکان فراوانتر بوون؛ لەوانە جێبەجێکردنی کاریگەرییەکانی سینەمایی (Cinematic) دوای تۆمارکردن لەسەر ئەو ڤیدیۆیانەی کە تا ٦۰ فرەیم لە چرکەیەکدان. لە بەشی تایملاپسیشدا تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە دۆخی 4K و Dolby Vision HDR چالاک کراوە. تایبەتمەندیی Audio Mixیش بە ئەلگۆریتمە نوێیەکان، دەنگی مرۆڤ باشتر دەردەکێشێت و ئێستا دەتوانێت مۆسیقا جیا بکاتەوە.

ئەپڵ لە تەنیشت ئامرازە داهێنەرانەکان، بەدوای سەلماندنی دروستیی وێنەشدا ڕۆیشتووە. تایبەتمەندیی Apple Reference Image لەسەر بنەمای سێنسۆری نوێی کامێرای سەرەکی کار دەکات و دەتوانێت هەر پیکسڵێک کە دەیبینێت مۆری لێبدات (ئیمزای بکات). کاتێک وێنە لە دۆخی Reference تۆمار دەکرێت، داتای ئیمزاکراو دەچێتە ناو Private Cloud Compute و لە کۆتاییدا وێنەیەکی سەرچاوەی نەگۆڕ پێکدێت.
داینامیک ئایلەند بچووکتر بووەتەوە
بەشی پێشەوەی ڕوونمای ئامێرەکانیش بێبەش نەبوون. ئەپڵ دەڵێت داینامیک ئایلەند (Dynamic Island) بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی نیشاندان دووبارە دیزاین کراوەتەوە تا شوێن بۆ زانیاریی زیاتر بکرێتەوە. وەشانی نوێ دەتوانێت بە شێوەی هاوکات سێ Live Activity نیشان بدات، و لە هەمان کاتدا ڕۆڵی هەمیشەیی خۆی لە Face ID، پارەدانی پارێزراو، چوونەژوورەوەی بەرنامەکان و کارە ڕۆژانەییەکانی تردا بپارێزێت.
گۆڕانکارییە ڕووکەشییەکە گەورە نییە، بەڵام لەو جۆرە گۆڕانکارییانەیە کە لە بەکارهێنانی ڕۆژانەدا خۆی پێشان دەدات: ئاگادارکردنەوەی زیاتر، بەڕێوەبردنی باشتر و رووبەرێکی بەسوودتر.
چیپسێتی A20 Pro؛ دڵی ئایفۆن 18 پرۆ مەکس

هاردوێری ئەم دوو ئامێرە چیپسێتی A20 Proیە؛ چیپسێتێک کە بە تەکنۆلۆژیای ۲ نانۆمەتری دروستکراوە و ئەپڵ وەک خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ لە مۆبایلەکانیدا ناوی دەبات. ئەم چیپسێتە پرۆسێسەری شەش ناوکیی نوێ و خێراکەری دەماریی یەکگرتووی هەیە، و ئەپڵ بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ڕکابەرەکانی خێراتر کار دەکات. پرۆسێسەری گرافیکی حەوت ناوکیش تا ٤۰٪ خێراترە لە A19 Pro.
ئەپڵ دەڵێت A20 Pro یەکەمین چیپسێتی ۲ نانۆمەتریی مۆبایلە لە جیهاندا.
لە تەنیشت ئەوەشدا، ماشینی دەماریی (Neural Engine) دووانەی ۱۶ ناوکی دانراوە بۆ مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد لەسەر خودی ئامێرەکە و پڕۆسێسی ژمێریاریی وێنەکان دیزاین کراوە. ئەپڵ دەڵێت لە کۆی گشتیدا ۳۲ ناوک بۆ پڕۆسێسی ژیری دەستکرد دانراوە و توانای AI بەراورد بە نەوەی پێشوو دوو هێندە زیادی کردووە. پانی باندی بیرگە بە ڕێژەی ۵۰٪ زیاتر بووە تا ئەرکە قورسەکان، لە کایە گرافیکییەکانەوە بگرە تا پڕۆسێسەکانی ژیری دەستکرد، خێراتر جێبەجێ ببن.
ئەپڵ هەروەها چیپسێتی تۆڕی بێتەلی N1ی ناساندووە کە پاڵپشتی لە Wi-Fi 7، Bluetooth 6 و Thread دەکات. لە بەشی پەیوەندیی(Cellular)، مۆدێمی نوێی C2 ناسێندراوە کە هاوکات لەسەر بنەمای ژیری دەستکرد کوالێتی و سەقامگیریی پەیوەندی باشتر دەکات. بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەپڵ، ئەو مۆدێمە بەراورد بە C1X ئەپلۆدی خێراتر پێشکەش دەکات، و لە هەمان کاتدا ۱۵٪ وزەی کەمتر بەکاردەهێنێت و ئێستا پاڵپشتی لە شەپۆلەکانی mmWaveیش دەکات.
پاتری ئایفۆن 18
لە بەشی پاتریدا، ئەپڵ باس لە بازدانێکی گەورە دەکات. مۆدێلەکانی eSIM تا ۳۶ کاتژمێر پەخشی ڤیدیۆ لە ئایفۆن ۱۸ پرۆ و تا ٤۵ کاتژمێر پەخشی ڤیدیۆ لە ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکسدا تۆمار دەکەن. بارگاویکردنەوەی خێرای بەسیم دەتوانێت لە ماوەی نزیکەی ۱۵ خولەکدا ئایفۆن ۱۸ پرۆ تا ۵۰٪ بارگاوی بکات. بارگاویکردنەوەی بێتەل تا ۵۰٪ نزیکەی ۳۰ خولەکی پێویستە.
بۆ ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکس، پێنج خولەک بارگاویکردنەوەی بەسیم، نزیکەی حەوت کاتژمێر پەخشی ڤیدیۆ دابین دەکات. لەسەر بنەمای مۆدێلی نوێی بەکارهێنانی وزە و داتای تێست کراو، ئەم مۆبایلە تا ۳۰ کاتژمێر بەکارهێنانی گشتی بە یەک بارگاوی تەواو دابین دەکات. وەشانی eSIM بەهۆی بەتاڵبوونی شوێنی سیمکارتی فیزیکی، دوو کاتژمێری تر بۆ پەخشی ڤیدیۆ زیاد دەکات.
نرخ
ئەپڵ چوار توانستی بیرگەی ۲۵۶ گێگابایت، ۵۱۲ گێگابایت، ۱ تێرابایت و ۲ تێرابایتی دیاری کردووە. نرخی بنەڕەتیی ئایفۆن ۱۸ پرۆ لە ۱٬۱۹۹ دۆلار و ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکس لە ۱٬۲۹۹ دۆلارەوە دەست پێدەکات.












