ئایفۆن دوئۆ (iPhone Duo)ی ئەپڵ، پەردەی لەسەر لادرا؛ یەکەمین مۆبایلی چەماوەی ئەپڵ کە لە رێوڕەسمی ئەمساڵدا زۆرترین سەرنجی لەسەر بوو.
سامسۆنگ و کۆمپانیا چینییەکان، ساڵانێک بوو بە مۆبایلە چەماوەکانیان (Foldable) بەشێکی گەورەی بازاڕی مۆبایلیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردبوو. لە سەرەتادا پێشبینی نەدەکرا مۆبایلە چەماوەکان لایەنگری زۆر پەیدا بکەن؛ بەڵام ئەو بیرۆکەیەی کە سەرەتا بێ بازاڕ و سەرەتایی دەهاتە بەرچاو، وردەوردە جێگای خۆی کردەوە و ئێستا ئەپڵ دوای ساڵانێک دەرفەتەکەی بە گونجاو زانیوە و سەرئەنجام نوێنەرێکی لە بەشی بازاڕی مۆبایلە چەماوەکاندا ناساند: ئایفۆن دوۆ | iPhone Duo

ئایفۆن دوۆ ئەو مۆبایلەیە کە ساڵانێک بوو دەنگۆی زۆری لەسەر بوو؛ جاروبار دەیانوت پڕۆژەکەی هەڵوەشاوەتەوە و هەندێک جاریش دەنگۆی ئەوە دەهات کە بە خێرایی لە پێشکەوتندایە؛ بەڵام ئێستا لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بینەری پەردەلادان لە مۆبایلێکین کە ئەگەر سامسۆنگ دەستپێشخەری نەکردبوایە، بە ڕوونما پانەکەیەوە دەبووە هەرای داهێنانی ئەپڵ.
ئایفۆن دوۆ مۆبایلێکی گرانبەهایە، ڕکابەری سەرسەختی لە بازاڕدا هەیە و بە دەنگدانەوەیەکی زۆرەوە هاتووەتە کایەوە.
تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی ئایفۆن دوۆ | iPhone Duo
مۆبایلە چەماوە نوێیەکەی ئەپڵ لە دۆخی داخراودا ڕەهەندەکانی هاوشێوەی پاسپۆرتە و ڕوونمایەکی دەرەکیی ۵٫۴ ئینجی دەخاتە بەرچاوی بەکارهێنەر؛ بەڵام لە دۆخی کراوەدا روونمایەکی ۷٫۶ ئینجی دەردەکەوێت کە گەورەترین ڕوونمایە لە نێو سەرجەم ئایفۆنەکاندا. ئەم ڕووبەرە بە بەراورد لەگەڵ ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکس نزیکەی ۵۰٪ و بەراورد بە ئایفۆن ۱۸ پرۆ ۸۰٪ گەورەترە.
جەستە و روونما
چوارچێوەی جەستەی ئامێرەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە تیتانیۆم (Grade 5) دروستکراوە و بەرگی دواوەی بە شووشەی خۆڕاگری Ceramic Shield داپۆشراوە، لە کاتێکدا ڕوونمای پێشەوە لە نەوەی نوێی Ceramic Shield 2 سوود وەردەگرێت. هەبوونی ستانداردی IP68 خۆڕاگریی تەواو لە بەرامبەر دزەکردنی ئاو و تۆزوخۆڵ گەرەنتی دەکات و ئامێرەکە بە دوو ڕەنگی سپیی ئەستێرەیی (Star White) و شینی تاریکی ناسراو بە «ئاسمانی شەو» (Night Sky) پێشکەش دەکرێت.

ئەپڵ دەڵێت هەردوو ڕوونماکە هەمان (Aspect Ratio) بەکاردەهێنن و ڕوونمای ناوەکی ۵۰٪ لە ڕوونمای ئایفۆن ۱۸ پرۆ مەکسی نوێ گەورەترە. هەردوو پەنێلەکە تێکڕای نوێبوونەوەی ۱۲۰ هێرتز، ڕوونمای هەمیشەداگیرساو (Always-On) و ئەوپەڕی ڕووناکیی ۳٬۰۰۰ نیت لە دەرەوەدا پاڵپشتی دەکەن و بە وتەی ئەپڵ، پاڵپشتی لە Apple Pencil تا کۆتایی ئەوساڵی زایینی زیاد دەکرێت.
جانی سرۆجی (Johny Srouji)، بەڕێوەبەری باڵای هاردوێری ئەپڵ، وتوویەتی کۆمپانیا نەیویستووە ڕوونماکە هەستی چرچولۆچی (Crease) یان ڕوویەکی پلاستیکی پێوە دیار بێت؛ بۆیە کەرەستەیەکی دەستکاریکراوی نانۆ-تێکستچەری (Nano-texture) بۆ ڕوونماکە بەکارهێناوە کە لە ڕووی بینین و هەستپێکردنەوە تەخت دەردەکەوێت.

پێکهاتەی داهێنەرانەی ڕوونمای ئایفۆن دوۆ، چرچبوونی ڕوونما بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێنێت. ئەو ڕوونی کردەوە کە ئەم کەرەستەیە ڕەنگدانەوە و درەوشانەوەی زیادە کەم دەکاتەوە و بینرانی هێڵی چەمانەوە دەگەیەنێتە نزمترین ئاست. لە تەنیشت ئەوەشدا، پێکهاتەی ڕوونماکە کەڵک لە چەسپە تایبەتەکان وەردەگرێت کە ڕێگە بە چینەکان دەدەن لە کاتی تاواندنەوەدا بەسەر یەکدا «بخلیسکێن»، لە دەرئەنجامدا قووڵیی چرچبوون و ئاستی خواربوون لە تێپەڕبوونی کاتدا کەمتر دەبێتەوە.
کامێرا
دوۆ وەک ئایفۆن ئێر دوو کامێرای لە پشتەوەدا هەیە؛ هەردوو لێنزەکە سوود لە سێنسۆری ٤٨ مێگاپێکسڵی وەردەگرن و کامێرای گۆشەفراوان (Ultra Wide) لە ڕاستیدا هەمان ئەو کامێرایەیە کە لە ئایفۆن ۱۸ پرۆدا بەکارهاتووە؛ هەرچەندە کامێرای سەرەکی دیافراگمی گۆڕاوی مۆدێلەکانی ۱۸ پرۆ و پرۆ مەکسی نییە، بەڵام هەمان شێوازەکانی وێنەگری (Photographic Styles) بەکاردێنێت و ڕێگە بە دەستکاریکردنی و هەندێک ڕێکخستنی وێنە دەدات.

لە گۆشەی بازنەیی ڕوونمای دەرەوەدا، کامێرای سێڵفی دانراوە و پاڵپشتی لە Center Stageیش دەکات؛ بەڵام هیچ باسی داینامیک ئایلەند یان فەیس ئایدی (Face ID) نییە. لە ڕوونمای ناوەوەشدا کامێرای ژێر ڕوونما (Under-display camera) بۆ پەیوەندییەکانی FaceTime لەبەرچاو گیراوە. لەبری فەیس ئایدی، تاچ ئایدی (Touch ID) لەسەر دوگمەی تەنیشت ئەرکی ناسینەوەی خاوەن لە ئەستۆ دەگرێت.
چیپسێت و خێرایی ئایفۆن دوۆ iPhone Duo
ئایفۆن دوۆ هاوشێوەی ۱۸ پرۆ و پرۆ مەکس بە چیپسێتی A20 Pro و مۆدێمی C2ـی ئەپڵ تەیار کراوە. چیپسێتی ۲ نانۆمەتری و ۶ ناوکیی A20 Pro خاوەنی دوو ناوکی ئێجگار بەهێز لە ئاستی دێسکتۆپدایە کە بە وتەی جێگری گرووپی ئەندازیاریی چیپی ئەپڵ، «خێراترینن لە نێو هەموو مۆبایلەکاندا.»

لە تەنیشت ئەوەشدا یەکەی گرافیکیی حەوت ناوکی و دوو ماشینی دەماری لە یەکەی پڕۆسێسی دەماریی ۳۲ ناوکیدا دانراون. هۆدەی هەڵمیی نوێش (Vapor Chamber) کە سێ هێندەی نەوەی پێشوو گەورەترە، یارمەتیی پاراستنی کارایی گەرمی دەدات.
نەرمەواڵە و رکابەران
هاردوێری بەهێزی ئایفۆن دوۆ لەگەڵ کۆمەڵێک نوێکردنەوەی نەرمەواڵەیی لە iOS 27دا هاوڕێیە تا زۆرترین سوود لە ڕوونمای چەماوە وەربگرێت.
بە کردنەوە و داخستنی ڕوونما، بەرنامەکان و ناوەڕۆک قەبارەیان دەگۆڕێت و کاردانەوە نیشان دەدەن؛ بەڵام کۆنتڕۆڵە سەرەکییەکانی ئامێرەکە بە جۆرێک دیزاین کراون کە لە هەردوو دۆخەکەدا جێگیر بمێننەوە.

بەراوردی ئایفۆن دوۆ و گالاکسی زێد فۆڵد 8
دەنگۆکان دەربارەی ئایفۆنی چەماوە لانیکەم لە ساڵی ۲۰۱۷ـەوە بەردەوام بوون، ئەو کاتەی بە گەشبینییەوە باس لەوە دەکرا ڕەنگە بەرهەمهێنانی لە ۲۰۲۰ دەست پێبکات. لەو کاتەوە، ڕکابەرەکانی وەک سامسۆنگ، گووگڵ، هواوەی، ئۆپۆ و ئۆنەر و ئەوانی تر گەلێک مۆبایلی چەماوەی ئاستبەرزی ئەندرۆیدیان خستە بازاڕەوە؛ لە مۆدێلە چەماوەکانەوە بگرە تا مۆدێلە نوشتاوەکان و لە ساڵانی دواییدا مۆدێلە سێجار نوشتاوەکان (Tri-fold). سەرەڕای ئەمەش، بازاڕەکە هێشتا بە ڕێژەیی بچووک ماوەتەوە و تەنها ۱٫۶٪ی کۆی فرۆشی مۆبایلە ژیرەکانی لە ساڵی ۲۰۲۵دا پێکدەهێنا.

نرخ
نرخی ئایفۆن دوۆ ۱٬۹۹۹ دۆلار ڕاگەیەندراوە کە ۱۰۰ دۆلار لە گالاکسی زێد فۆڵد ۸ـی سامسۆنگ گرانترە، بەڵام ۱۰۰ دۆلار لە گالاکسی زێد فۆڵد ۸ ئۆڵترا هەرزانترە. کانفیگی بنەڕەتی بە ۲۵۶ گێگابایت بیرگەی ناوەکی دەخرێتە بازاڕەوە و توانستی بەرزکردنەوەی تا ۲ تێرابایت بوونی هەیە.












