بە پێی راپۆڕتی بلومبێرگ، بەرزبوونەوە و دابەزینی لەناکاوی بەکارهێنانی نائاسایی کارەبا لە داتاسەنتەرەکانی ژیری دەستکرد (AI)، بووەتە هۆی تێکچوونی پێشوەختە و کۆن کردنی کەلوپەلە گرنگەکانی وەک پاتری و ژێنێراتۆڕەکان.
زیادبوونی بەرچاوی بەکارهێنانی کارەبا لە داتاسەنتەرەکانی ژیری دەستکرددا بووەتە کێشەیەکی گەورە و سەروخواری لەناکاوی ئاستی داواکاری وزە، ئامێرە گرنگەکانی ئەم ناوەندانەی خستووەتە مەترسی تێکچوونەوە.
سیستەمەکانی پشتیوانی، پاترییەکان، ژێنێراتۆڕەکان و یەکەکانی ساردکەرەوە لە داتاسەنتەرەکانی ژیری دەستکرددا، لە ژێر گوشارێکی ئەوەندە سەختدا کاردەکەن کە یان تووشی کێشەی تەکنیکی دەبن یان زۆر زووتر لە کۆتایی هاتنی تەمەنی بەسوودی خۆیان لەکار دەکەون. ئەم کێشە تەکنیکییانە هاوکات لەگەڵ خێرابوونی پەرەسەندنی ژیری دەستکرد، تێچووی پێشبینینەکراوی هێناوەتە ئاراوە و سەقامگیری تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەباش دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ، شارەزایانی بواری وزە هۆشداری دەدەن کە تەنانەت چەند خولەکێک بڕانی کارەبا لەم ناوەندانەدا دەکرێت داهاتێکی گەورە لەناو ببات. ئەم بابەتە لە بارودۆخێکدا ڕوودەدات کە وەبەرهێنەران پێشتریش نیگەران بوون لە تێچووی سەدان ملیار دۆلاری کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و ئێستا ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە بوونەتەوە کە ئامێرەکانی داتاسەنتەرەکان زۆر خێراتر لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان پەکدەکەون.
ئەمبەر ڤێلگاس ویلیامسۆن، ڕاوێژکاری باڵای دامەزراوەی (Uptime Institute) لە بەریتانیا دەڵێت: «ژیری دەستکرد داواکارییەکی زۆر نائاسایی بۆ وزە دروست دەکات. ئەم دۆخە ڕێک وەکو ئەوە وایە بەپەلە و لەڕادەبەدەر پێ بنێیت بە بەنزینی ئۆتۆمبێلێکدا کە دەبێتە هۆی زوو کۆن بوون و خراپبوونی بزوێنەرەکەی»
داتاسەنتەرەکانی دیکە دەمێکە بۆ میوانداریکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت کاردەکەن؛ بەڵام داتاسەنتەرەکانی ژیری دەستکرد بەهۆی قەبارەی زەبەلاحی پرۆسێسکردنەوە ڕەفتارێکی جیاوازیان هەیە. لە پرۆسەی ڕاهێنانی مۆدێلە گەورەکانی ژیری دەستکرددا، سەدان هەزار پرۆسێسەری گرافیکی (GPU) بەشێوەی هاوكات چالاک و ناچالاک دەبن. ئەم هەماهەنگییە لەناکاوه، سەروخوارێکی توند لە ئاستی بەکارهێنانی کارەبای شارۆچکەیەکی بچووکدا دروست دەکات کە لە ماوەی چەند میلیچرکەیەکدا ڕوودەدات و ترانسفۆرمەر و ئامێرەکانی بەستراوە بە تۆڕەکەوە توانای مژینی ئەم شۆکە یەک لەدوای یەکانەیان نییە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی تێسلا و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەلیکترۆنی Heron دەڵێت: «ئاستی بەکارهێنانی کارەبای ژیری دەستکرد لە هەندێک ساتدا تا ۵۰٪ زیاتر دەڕوات لەو توانایەی کە داتاسەنتەرەکەی بۆ دیاریکراوە؛ بەشێوەیەک کە ناوەندێکی ۱ گێگاواتی ڕەنگە لە ماوەی یەک چركەدا ۱٫۵ گێگاوات کارەبا ببات.»
تۆژینەوەکان دەریدەخەن کە سەروخواری توندی فیزیکی ئێستا زیانەکانی خۆی دەستپێکردووە. لە داتاسەنتەری گەورەی (Colossus)ی سەر بە کۆمپانیای xAI لە مەمفیس، توربینە گازییەکان بەهۆی ئەم گوشارە لەناکاوانەوە تووشی قڵیشان (Cracking) بوون و ئەندازیاران ناچاربوون بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر توربینەکان سیستەمی پاتری یارمەتیدەر دابمەزرێنن.
شارەزایان ئەم دۆخە بە گۆڕینی گێڕی لەناکاوی ئۆتۆمبێلێکی فێراری لە گێڕی ۶ەوە بۆ گێڕی ۱ دەشوبهێنن کە هیچ پارچەیەکی میکانیکی توانای بەرگەگرتنی نییە.












