عەلی بابا پەردەی لەسەر مۆدێلی نوێی ژیری دەستکردی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی ۳۰ چرکەیی لادا.
هۆڵدینگی چینی عەلی بابا نوێترین مۆدێلی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی ژیری دەستکردی خۆی بە ناوی Wan3.0 ناساند. ئەم ئامرازە پێشکەوتووە توانای بەرفراوانی لە بواری گۆڕینی دەق و بەڵگەنامەکان بۆ ڤیدیۆ هەیە.
مۆدێلە نوێیەکەی عەلیبابا دەتوانێت لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی دەقی، خشتەکان (Spreadsheets)، سلایدەکان و لاپەڕەکانی وێب، ڤیدیۆی ۳۰ چرکەیی بە کوالێتی بەرز بەرهەم بهێنێت. عەلیبابا دەڵێت وەشانی بێتای ئەم ئامرازە لە ڕێکەوتی ٦ی ئابەوە لە بەشە جیاوازەکانی وەک بەرهەمهێنانی کورتەفیلم، ڕیکلام، بازاڕگەری، گەشتیاری و دروستکردنی کلیپی مۆسیقادا خراوەتە گەڕ.
بڵاوبوونەوەی Wan3.0 ڕێک ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە عەلی بابا هەواڵی فرۆشتنی پشکەکانی خۆی بە بەهای ۱۰ ملیار دۆلار ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە کە گەورەترین پێشکەشکردنی دووەمینی پشکەکان بۆ کۆمپانیایەکی تۆمارکراو لە بۆرسەی هۆنگ کۆنگ دادەنرێت، بە ئامانجی دابینکردنی تێچووە ڕوو لە زیادبووەکان لە کێبڕکێی جیهانیی ژیری دەستکرددا ئەنجام دراوە.
ڕاپۆرتە داراییەکانی هەفتەی ڕابردوو دەریدەخەن کە قازانجی سێ مانگی عەلی بابا بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی تێچووەکانی بواری ژیری دەستکرد، بە ڕێژەی ۷۵٪ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە.
دەتوانن لە ڕێگەی ئەو بەستەرەوە کەڵک لە زیرەکی دەستکردی wan 3.0 بۆ دروست کردنی ڤیدیۆ وەربگرن: https://wan3.ai/












