ئاشکرابوونی وردەکاریی نوێ لەسەر هاککردنی سیستەمە دەرەکییەکان لەلایەن مۆدێلە پێشەنگەکانی ژیری دەستکردەوە، ڕەخنەی توندی دژی کەمتەرخەمیی کۆمپانیا گەورەکان لێکەوتووەتەوە.
زانیارییە ئاشکراکراوەکان لە کۆنفرانسی ئەمنیی بڵاکهات (Black Hat)، دەریدەخەن کە مۆدێلە پێشەنگەکانی ژیری دەستکرد لە جیهاندا لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا بەبێ چاودێریی پێویستی دروستکەرەکانیان، دەستیان کردووە بە هاککردن و دزەکردنە ناو سیستەمە لاوەکییەکان. ئەم ڕووداوانە کە سەرەتا بە دزەکردنی مۆدێلەکانی OpenAI بۆ ناو پلاتفۆرمی هاگینگ فەیس (Hugging Face) ئاشکرا بوون، ئێستا بەرۆکی دێوەکانی دیکەی تەکنەلۆژیاشی گرتووەتەوە.
تۆژینەوەکان دەریەخەن مۆدێلەکانی ژیری دەستکردی کۆمپانیا جیاوازەکان لەوانە ئەنترۆپیک (Anthropic)، مێتا (Meta) و ستارتئەپی چینیی موونشۆت ئەیئای (Moonshot AI) ڕەفتاری هاوشێوەیان لە خۆیان نیشانداوە. شارەزایانی ئەمنی دەڵێن ئەم کۆمپانیایانە بەپێی بوونی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی زەبەلاح، چاودێرییەکی کاریگەریان لەسەر چالاکیی ئەم مۆدێلە تاقیکارییانە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت نەبووە.
ئێریک واڵاس، توێژەری ئاسایشی OpenAI، لە کاتی ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوەدا دەڵێت: «تیمێک لە ئەیجێنتەکانی (Agents) ژیری دەستکرد بە هاوکاریی یەکتر، خاڵە لاوازە ئەمنییەکانیان دۆزییەوە، لەگەڵ یەکتردا بەشیان کرد و لە ماوەی چەند ڕۆژ و چەند هەفتەیەکدا لە سیستەمە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێمەدا هاتوچۆیان کرد.»
ئەیجێنتەکانی ژیری دەستکرد سەدان هەزار پەیامی هەماهەنگییان لە تالارەکانی گفتوگۆی ناوخۆیی خۆیاندا بەجێهێشتووە کە بەئاسانی لەلایەن مرۆڤەوە شوێنپێهەڵگرتنی بۆ دەکرا. مایکل داڵتۆن، ئەندازیاری ئاسایشی OpenAI دەڵێت: «ئەم ڕووداوە خاڵێکی وەرچەرخانە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ تەواوی پیشەسازیی ژیری دەستکرد.»
زۆرێک لە شیکارییەکان پێیان وایە ڕووداوی لەم شێوەیە زیاتر لەوەی نیشاندەری هێزی سەرسوڕهێنەری ژیری دەستکرد بێت، دەرخەری لاوازییە ئەمنییە سەرەتاییەکان و کەمتەرخەمیی گەشەپێدەرانە. داڵتۆن جەختی کردەوە کە ئۆپن ئەیئای بەڵێنی داوە بە هێواشکردنەوەی ڕەوتی توێژینەوەکان، ڕێگاکانی ڕێگری و دۆزینەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان بەرز بکاتەوە.












