گرووپی هاککەری Kimsukyی سەر بە کۆریای باکوور ئامرازگەلێکی لەسەر بنەمای مۆدێلە زمانییە گەورەکان (LLMs) گەشەپێداوە و نەرمەواڵەیەکیان کۆکردووەتەوە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێ لە ئۆتۆماتیککردنی هێرشە سایبەرییەکان، شیکردنەوەی داتای دزراو و بەرهەمهێنانی کەمپەینی فیشینگی زیاتر بڕواپێکراو.
کۆمپانیای ئاسایشی سایبەریی Genians بەڵگەی دۆزیوەتەوە کە نیشانی دەدات ئەم گرووپە ئامرازی بۆ جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی (Local) مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد خستووەتە گەڕ. ئەم ئامرازانە پێکهاتوون لە Ollama، GPT4All و Msty بە هاوڕێیەتی تەکنەلۆژیای گەڕانی بەڵگەنامەکان ناسراو بە RAG (ڕێگەیەک بۆ باشترکردنی وەڵامەکانی ژیری دەستکرد لە ڕێگەی دەرهێنانی داتا لە سەرچاوە دەرەکییەکان).
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم کۆمپانیایە، ئامرازە ئاماژەپێکراوەکان ڕێگە بە ئۆپێراتۆرەکان دەدەن بەڵگەنامەکان پڕۆسێس بکەن بەبێ پێویستی بە ناردنی زانیاریی هەستیار بۆ خزمەتگوزارییە ئۆنلاینە دەرەکییەکان.
پشکنینەکانی کۆمپانیای Genians لەسەر ژێرخانەکانی پەیوەندیدار بەم کەمپەینە نیشانی دەدات کە فریمۆڕکەکانی گەشەپێدانی ئەیجێنتی ژیری دەستکرد، نەرمەواڵەکانی گۆڕینی ئاخاوتن بۆ دەق و ئامرازی کۆدنوسینی ژیری دەستکردی Cursorیش لەلایەن ئەم گرووپەوە بەکارهێنراون. دەستکەوتە نوێیەکان نیشان دەدەن گرووپی Kimsuky لە قۆناغی بەکارهێنانی سادەی ژیری دەستکرد بۆ دروستکردنی کەمپەینی فیشینگ تێپەڕیوە و خەریکی دروستکردنی توانایەکە بۆ تێکەڵکردنی مۆدێلە بەردەستەکان لە گەشەپێدانی (Malware)، شیکردنەوەی داتا و ئۆتۆماتیککردنی هێرشەکان.
هەروەها بەڵگەنامەی ساختە بە بابەتی دارایی و دراوی دیجیتاڵییەوە دۆزراوەتەوە کە پێدەچێت بە ژیری دەستکرد بەرهەمهێنرابن تا هاوشێوەی ڕاپۆرتەکانی وەبەرهێنان و بەڵگەنامە ئیدارییە بڕواپێکراوەکان بێنە بەرچاو. بەڵام دەستکەوتەکانی ئەم کۆمپانیا ئەمنییە بەشێوەی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.
کۆریای باکوور ساڵانێکە یەکەکانی سایبەریی سەر بە حکومەت بۆ سیخوڕی، دزینی دارایی و بەدەستهێنانی داهات بەکاردێنێت. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی ۲۰۲۳ گرووپی Kimsukyی وەک گرووپێکی سیخوڕیی سایبەری لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی کۆریای باکووردا خستە ژێر گەمارۆ و ڕایگەیاند ئەم گرووپە لە ئاڕاستەی ئامانجە ستراتیژییەکانی پیۆنگ یانگدا زانیاری کۆدەکاتەوە.












