شاومی پەردەی لەسەر ڕێدمی M100 وەک یەکەم مۆدێلی زنجیرەی نوێی ڕێدمی M لە بازاڕی چین لادا. ئەم مۆبایلە بە پاترییەکی ۷۹۰۰ میلیئەمپێر/کاتژمێری، چیپسێتی سناپدراگۆن ۴ نەوەی ۵ و نرخی بنەڕەتیی ۱۷۹۹ یوان (نزیکەی ۲۶۷ دۆلار) دەخرێتە بازاڕەوە.
مۆبایلی ڕێدمی M100 بە ڕوونمایەکی ۶٫۹ ئینجی LCD بە ڕوونیی ۱۶۰۰ لە ۷۲۰ پێکسڵ و تێکڕای نوێبوونەوەی ۱۲۰ هێرتز تەیار کراوە. شیاومی بۆ پاراستنی ئەم ڕوونمایە شووشەی کۆرنینگ گۆریلا گڵاسی بەکارهێناوە و تایبەتمەندییەکانی چاودێری و پاراستنی چاوی تێدا جێگیر کردووە.
لە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە لە تەنیشت کامێراکان، ڕووناکیی RGB دانراوە. ئەم بەرهەمە لە بەرامبەر دزەکردنی تۆزوخۆڵ و پرژانی ئاو خۆڕاگرە و هەستەوەری پەنجەمۆری بۆ ۵۰۰ هەزار جار دەستلێدان دانراوە. ڕێدمی M100 بە سێ ڕەنگی ڕەش، سپی و سەوز بەردەست دەبێت.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕێدمی M100
تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕێدمی M100، پاترییە ۷۹۰۰ میلیئەمپێر/کاتژمێرییەکەیەتی کە لە بارگاویکردنەوەی خێرای بەسیمی ۴۵ وات و بارگاویکردنەوەی پێچەوانەی بەسیمی ۲۲٫۵ وات پاڵپشتی دەکات. ئەم ئامێرە لەگەڵ پرۆتۆکۆلی بارگاویکردنەوەی PPSیشدا دەگونجێت و ڕێگە بە بەکارهێنانی بارگاویکەرەوە خێراکانی کۆمپانیاکانی تر دەدات.

دابینکردنی هێزی پرۆسێسکردنی ئەم مۆبایلە لە ئەستۆی چیپسێتی ۴ نانۆمەتریی سناپدراگۆن ۴ نەوەی ۵ بە پرۆسێسەری هەشت ناوکی و پاڵپشتی لە تۆڕی 5Gـیە. ئەم ئامێرە بە ڕامی LPDDR4X تا توانستی ۸ گێگابایت و بیرگەی ناوەکیی UFS 2.2 تا توانستی ۲۵۶ گێگابایت کۆنفیگۆر دەکرێت.
کامێرای سەرەکی لە بەشی دواوەی مۆبایلەکە سێنسۆری ۱۳ مێگاپێکسڵی هەیە و بۆ کامێرای سێڵفیش سێنسۆری ۵ مێگاپێکسڵ بەکارهاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەشانی جیهانیی مۆبایلی ڕێدمی 17 5G بە کامێرای سەرەکیی ۵۰ مێگاپێکسڵ و کامێرای سێڵفیی ۸ مێگاپێکسڵ تەیار کراوە.
ڕێدمی M100 بە شێوەی پێشوەختە بە سیستەمی کارپێکردنی HyperOS 3 دەخرێتە بازاڕەوە. هەروەها تایبەتمەندیی پەیوەندیی NFC، وایفای ۵، بلوتوزی ۵٫۱، هەستەوەری پەنجەمۆر لە تەنیشتی جەستەکە و دەرچەی دەنگیی ۳٫۵ میلیمەتریی هێدفۆن لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەم مۆبایلەن.
شاومی بۆ بەکارهێنانی ئاسانتری بەساڵاچووان، دۆخێکی تایبەتی لە نەرمەواڵەی ئەم مۆبایلەدا داناوە کە فۆنت و ئایکۆنی گەورەتر، توانای بەرزکردنەوەی دەنگی زەنگ، گۆرانی و فیلم تا ۳۰۰٪ و تایبەتمەندیی بلۆککردنی پەیوەندییە نەخوازراوەکان لەخۆدەگرێت.
نرخ
مۆبایلی ڕێدمی M100 بە سێ کۆنفیگۆرەیشنی بیرگە لە بازاڕی چیندا دەفرۆشرێت:
وەشانی ۸ گێگابایت ڕام و ۱۲۸ گێگابایت بیرگەی ناوەکی بە نرخی ۱۷۹۹ یوان (نزیکەی ۲۶۷ دۆلار)
وەشانی ۶ گێگابایت ڕام و ۲۵۶ گێگابایت بیرگەی ناوەکی بە نرخی ۱۹۹۹ یوان (نزیکەی ۲۹۶ دۆلار)
وەشانی ۸ گێگابایت ڕام و ۲۵۶ گێگابایت بیرگەی ناوەکی بە نرخی ۲۱۹۹ یوان (نزیکەی ۳۲۶ دۆلار)













