بە ناوی پەروەردگاری میری مەزن
خۆشحاڵین کە ماڵپەڕی دارەبەن لە رێکەوتی 16ی گەلاوێژی 2726 کەوتە کار. دارەبەن ماڵی تەکنۆلۆژیا، زانست و ژیری دەستکردە. بیرۆکەی دامەزراندنی ماڵپەڕی دارەبەن، یەکەمجار 5 ساڵ لەمەوبەر هاتە ناو مێشکمانەوە. لەو ماوەیەدا لە دەیان شوێن هەوڵمان داوە و ویستوومانە کۆمەڵگا لە پێویستی هەبوونی پێگەیەکی ئاوا ئاگادار بکەینەوە. هەمیشەش تووشی شکست بووینەوە. نەبوونی بودجە و رەقەکاڵای پێویست، گەورەترین ئاستەنگی بەردەممان بوو. وەکوو لە کوردەواریدا دەڵێن:
تێکوشین بە قامی جیرانان ویشکە
ئێمەش تێگەیشتین نە کەسمان بۆ بە ئاگا دێتەوە و نە کەسیش هەیە پشتگیر بێ و نە کەسیش هەیە بەقەد خۆمان لەو بوارەدا لێزان بێت. بۆیە قۆڵمان لێ هەڵماڵی و دوای ماندووبوونێکی زۆر، سپاس بۆ خوا ئەوڕۆ توانیمان پرۆژەکەمان بێنینە سەرهێڵ. ئەو رێگایە، ئەزموونێکی شیرین و بەرهەمدار بوو بۆ ئێمە. هیوامان وایە چ نەبێ بتوانین گەنجانێک پەروەردە بکەین کە خوێندەوارانە و بە ئامانجەوە مامەڵە لەگەڵ جیهانی تەکنۆلۆژیا بکەن و ببن بە دارێکی بەری بۆ ئەو وڵاتە.
ئامانجمان وایە ببین بە گەورەترین پێگەی تەکنۆلۆژی بە زمانی کوردی. دەمانەوێت لەو ماڵپەڕەدا نوێترین هەواڵەکانی تەکنۆلۆژیا و ژیری دەستکرد، لێکدانەوە، پێداچوونەوە، فێرکاری، بابەت و هەواڵی زانستی و دەیان جۆری تر لە ناوەڕۆکی بەهادار پێشکەش بکەین. لە خەیاڵماندایە مەزنترین دەیتای باوەڕپێکراو بەرهەم بهێنین و ئاستی زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنێت بەپێی توانا بەرینە سەرەوە و کوردیش وێڕای زمانەکانی دیکە ببێت بە زمانی تەکنۆلۆژیا. دەمانەوێت بەکارهێنەری کوردی بتوانێت لە بوارەکەدا وەڵامی زۆربەی پرسیارەکانی دەست کەوێت، زانیارییەکانی زۆرتر بێت، لێرە فێر ببێت و درک بە بەهای ناوەڕۆکی نووسراو بکات. سەبارەت بە ناوی ماڵپەڕەکەش، ئێمە ویستمان دەست لەسەر هێمایەکی رەسەن، خۆماڵی و هەمیشە بەرچاو دابنێین و دارەبەنمان هەڵبژارد و هیوادارین بەدڵی بینەرانیش بێت.
ئێمە خۆشحاڵ دەبین هەر کەسێک بتوانێت بەپێی توانای لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکاندا بەشدار بێت و خۆشحاڵتریش دەبین و دەرگامان کراوەیە ئەگەر کەسێک بیەوێت و بتوانێت لە ماڵپەڕەکە وەکوو نووسەر کار بکات و یارمەتیدەر بێت لە فراوان کردنی وێبی کوردی و خزمەت بە زمانەکەمان.













