پۆکۆ پەردەی لە مۆبایلە نوێیەکەی بە پاترییەکی زەبەلاحی ۷۹۰۰ میلیئەمپێر/کاتژمێری و چیپسێتی نەوەی نوێی کوالکۆم لادا.
پۆکۆ دوای ناساندنی مۆدێلە پێشووەکانی خێزانی M8، ئەندامێکی نوێی ئەم زنجیرەیەی بە ناوی M8x 5G لە بازاڕی هیندستان ناساند. نوێترین مۆبایلی شیاومی بە تیشک خستنە سەر ماوەی کارکردنی درێژخایەنی پاتری و پاڵپشتیی نەرمەواڵەیی کەموێنە، بەشی مۆبایلە ئابوورییەکانی کردووەتە ئامانج.

پۆکۆ M8x بە ڕوونمایەکی (Display) ۶٫۹ ئینجی بە تێکڕای نوێبوونەوەی ۱۲۰ هێرتز و پارێزەری گۆریلا گڵاس 7i پۆشراوە. پۆکۆ یەکەم براندە کە چیپسێتی نوێی Snapdragon 4 Gen 5 بۆ مۆبایلەکانی لە بازاڕی هیندستان بەکاردێنێت. ئەم پرۆسێسەرە چوار نانۆمەترییە بە ۶ گێگابایت ڕام و ۱۲۸ گێگابایت بیرگەی ناوەکییەوە هاوڕێیەتی دەکرێت.
پاتری
خاڵی بەهێزی سەرەکیی ئەو بەرهەمە، پاترییە ۷۹۰۰ میلیئەمپێر/کاتژمێرییەکەیەتی کە لە بارگاویکردنەوەی ۴۵ واتی پاڵپشتی دەکات. ئەم پاترییە زەبەلاحە هەروەها تایبەتمەندیی بارگاویکردنەوەی پێچەوانەی بەسیم بە توانای ۲۲٫۵ وات پێشکەش دەکات تا بەکارهێنەران بتوانن وەک پاوەربانکێک سوود لە مۆبایلەکەیان وەربگرن. پۆکۆ ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم سەرچاوەی وزەیە تا ۳۵ کاتژمێر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان ۲۷ ڕۆژ نامەناردنی بەردەوام خۆڕاگر دەبێت.
نەرمەواڵە و کامێرا
لە بەشی نەرمەواڵەدا، مۆبایلە نوێیەکەی پۆکۆ بە سیستەمی کارپێکردنی HyperOS 3 لەسەر بنەمای ئەندرۆید ۱۶ دەخرێتە بازاڕەوە. دروستکەرەکە بەڵێنی داوە چوار نوێکردنەوەی گەورەی ئەندرۆید و ۶ ساڵ نوێکردنەوەی ئەمنی بۆ ئەم مۆدێلە ئابوورییە دابین بکات. کامێرای سەرەکیی ۵۰ مێگاپێکسڵی بە زوومی دیجیتاڵیی ۲ هێندە و کامێرای سێڵفیی ۸ مێگاپێکسڵی، بەشی وێنەگرتنی ئەم ئامێرە پێکدەهێنن.
نرخ
نرخی مۆبایلەکە لە کۆنفیگۆرەیشنی بنەڕەتیدا بە ۴ گێگابایت ڕام و ۱۲۸ گێگابایت بیرگەی ناوەکی بە ۲۰٬۹۹۹ ڕوپیە (نزیکەی ۲۲۰ دۆلار) دەفرۆشرێت. وەشانی بەهێزتر بە ۶ گێگابایت ڕام نرخی ۲۲٬۹۹۹ ڕوپیە (نزیکەی ۲۴۰ دۆلار)ە. فرۆشتنی فەرمیی ئەم بەرهەمە بە سێ ڕەنگی ڕەش، شین و سەوزی چەرمی لە ڕێکەوتی ۲۶ی ئاب (۵ی خەرمانان) دەستپێدەکات.












